| ئەربـائیــلۆ |
له‌وێ … له‌ژوورێكی بێ‌په‌نجه‌ره … سه‌ربانی سه‌ره‌ند و بێژنگ ژوورێك … ته‌نگ و تاریك و ره‌ش داگه‌ڕاو .. ژوورێك له ژووره‌كانی دۆزه‌خ كه خودا .. به ڕێكه‌وت له ده‌ستی كه‌وتبێته‌خوارێ … له‌دایك بووم …! له‌وێ… له كۆڵانێكی ته‌نگه‌به‌ر … مناڵیم بێ گه‌مه سووتا .. كۆڵانێك ته‌نگتر له ره‌حمی دایكم ئه‌ربائیلۆ … به پیره قه‌ڵات بڵێ: "ئه‌ی پیره كیسه‌ڵی له‌په و ڕوو كه‌وتوو من خۆزگه‌مه هه‌ر جاره‌ی كه دێمه‌وه بیبینم: هه‌ر ته‌نها بستێك له جێ‌ی خۆی بله‌قێ .. بجوڵێ …! ئای كه مێژوو درۆزنه: له‌سه‌ر پشتی ئه‌و پیره كیسه‌ڵه داریۆش و ئه‌سكه‌نده‌ر و ئه‌سپه‌كانی مه‌غوول خلیسكان به‌چی ده‌چێ .. كه مناڵه چه‌توونه‌كانی قه‌ڵا سه‌د و یه‌ك جار منیان به‌زاند كێ ئیمڕۆ ئه‌و "مه‌كته‌بانه" ده‌بینێ كه له‌گه‌ڵا هه‌ر حه‌رفێك و سروود و ئایه‌تێك مامۆستاكان جامێك تف و فه‌رهه‌نگێك جنێویان .. پێده‌به‌خشین تۆ بۆ من جگه له چایخانه‌یه‌كی پڕ له چڕه دووكه‌ڵا .. هیچی دیكه نه‌بوویت له‌وێ بوو.. باوكمان خه‌ون‌و خه‌نده‌و حه‌كایه‌تی شه‌وانی ئێمه‌ی … به ده‌ستێك ئه‌زنیف ده‌دۆڕاند..! تۆ ئه‌و كچانه بوویت .. له‌به‌ر ده‌متا خۆمم ده‌كرد به نوكته و پێ‌نه‌ده‌كه‌نین ئه‌و كچانه‌ی مه‌گه‌ر به ڕێكه‌وت له پاسێـكدا بمدیبان به خۆیان و كۆڵێ كتێبی شه‌رمنه‌وه ئه‌و كتێبانه‌ی بێ‌مروه‌تانه سینه و به‌رۆكی ساوای ئه‌وانی له منی كه‌ڕولاڵا ده‌شارده‌وه تۆ شه‌مه‌نده‌فه‌ری ئه‌و خه‌ونه زڕه‌م بوویت .. خه‌ونی سه‌فه‌ر و تا ئه‌به‌د دانه‌به‌زین كه‌چی هه‌مدیس ده‌ستخه‌ڕۆت كردم وێستگه‌ی خه‌ونه‌كانم هه‌نووكه زیندانی لۆتی و چه‌ته‌كانته وای له‌و شه‌مه‌نده‌فه‌ره غه‌مگینه‌ی من … ئافه‌رۆز .. ژه‌نگ گرتوو بێهووده‌ش باران به‌سه‌ریا داده‌كا هه‌ر كه دێمه‌وه دوعا ده‌كه‌م .. خوا هاوار رووخابێ مناره‌ی چۆلیم .. یا بستێكی دی باڵای كردبێ كێ ئه‌و پیاسه پڕ له قه‌هرانه‌ی عومری جحێڵیم ده‌بینێ ئه‌و شۆسته هیچانه‌ی من فرمێسكی په‌نهانم به‌سه‌ردا ڕشتن كه بێ قاچ ، بێ سه‌ر ، بێ دڵا ده‌گه‌ڕامه‌وه ماڵێك كه تا شه‌و خه‌وتنان دوو دوژمن تیایدا ده‌جه‌نگان ئێمه‌ش ده‌بووین به تیر و كه‌وان و قه‌ڵغان .. جارێ كوژراو و .. جارێ بریندار كۆشكه هه‌ره رازاوه‌كانت من به‌ردم تیا كێشا .. بگه‌ڕێ .. هه‌نووكه‌ش فرمێسك و ئاره‌قه و .. هه‌ناسه‌ی ساردم وا له‌وێ تف له‌و گه‌ڕه‌كه فێنكانه‌ت كه چلووره‌كانی منیان ده‌توانده‌وه به له‌عنه‌ت بێ ئه‌و گه‌ڕه‌كه كپ و خامۆشانه‌ت .. كه له هه‌را و ژاوه‌ژاوی نێو كه‌لله ساواكه‌ی من .. تێنه‌ده‌گه‌یشتن بڕوخێن ئه‌و مامۆستایانه‌ت .. كه نه‌یان ده‌زانی بۆ نینۆكمان هێشتۆته‌وه.. له سۆنگه‌ی ئه‌و (گوناهه كه‌بیره‌یه) به‌یانیانی سارد فه‌لاقه‌یان ده‌كردین.. كێ سه‌ر و قژی به خورشت و ئاو نه‌دیومانی ده‌دی..؟! من زۆر وه‌ڕسم له‌و پیره كیسه‌ڵه‌ی نه مردووه و .. نه هه‌زار ساڵه بجووڵێ ..! هۆ شاری شووره – گۆڕستان .. هه‌ر گۆڕێكت له‌ته رۆحێكی منه نێژراوه مناڵیم هه‌ر هه‌موو باڵا گه‌ردانی كێلی پیاوچاكه‌كانت بوو چ حه‌سره‌ت كێشانه به دیار ژنه ره‌شپۆشه‌كانته‌وه .. هه‌ڵده‌تروشكام بۆ مرازی زۆر شه‌رمنیان به‌ردیان به كێڵی "ستی ئیمام"ه‌وه وه‌ده‌نووساند..! تۆ بۆ من ئه‌و به‌رده نامه‌رده بووی كه قه‌ت نه‌بوو جارێ به درۆش به كێلێكه‌وه بنووسێی .. بقرسێی..! وه‌ی له مه‌مله‌كه‌تی قه‌یره و بێوه‌ژنه‌كانت دڵم ته‌نگه .. كوان ئه‌و چوار خواوه‌نده‌ی باپیره‌م ده‌یپه‌رستن كوا په‌رستگایه‌كی داڕماوی ئه‌وان .. تا منی ماڵابه‌ده‌رو شاربه‌ده‌ر بۆ ته‌نها شه‌وێ تیا بسره‌وم دڵم ته‌نگه .. ئه‌م سه‌فه‌ره كه هاتمه‌وه.. به كۆڵانه خنكاوه‌كانت بڵێ با تۆزێ به‌رینتربن سه‌ربانه‌كانت بستێك بڵندتر و شه‌قامه شێته‌كانت تۆزێ چۆڵتر سه‌رم گێژه با شۆڕشی نێو چایخانه‌كانت كه‌مێ خامۆشتر ئه‌و جحێڵانه قومار له‌سه‌ر عومری كێ ده‌كه‌ن..؟ مه‌سته ماندوو .. مردووه‌كانت .. له داخی كێیه هه‌موو شه‌وێ خۆ ده‌كوژن ..؟
تۆ ئه‌و كچه خۆشناوه‌بوویت سمێڵم گووگره‌نه‌ببوو شه‌یدات كردم كه‌چی هه‌نووكه‌ش بێوه‌ژنێكی ساڵانه ئه‌و تاقه كراسه‌ی له‌به‌رتایه له خومی ده‌گریت هه‌میشه نائومێدم ده‌كه‌ی .. هه‌میشه جار نییه نه‌یه‌مه‌وه دارستانێكت سه‌فه‌ری ئه‌به‌دی نه‌كردبێ چه‌مێكت سه‌ری خۆی هه‌ڵنه‌گرتبێ په‌یكه‌ری شه‌هیدت گولله‌ی وێڵی به‌رنه‌كه‌وتبێ ته‌واو .. به‌سه‌رچوو سه‌رده‌می كچه پاكیزه‌كانت ئه‌و كچانه‌ی له خه‌ونه‌كانیشما خۆیان به‌ده‌سته‌وه نه‌ده‌دا بمبه‌خشه.. با بمبه‌خشن گشت دره‌ختی نێو دارستانه‌كانت مناڵێكی بێ غیره‌ت بووم.. نه جۆلانه‌یه‌كم تیا هه‌ڵبه‌ست ، نه چۆله‌كه‌یه‌كم كوشت و نه هێلانه‌یه‌كم نغرۆكرد .. نه رۆژێ پیا هه‌ڵگه‌ڕام با بمبه‌خشن .. هه‌ر هه‌موو چه‌م و رووباره‌كانت نه ماسییه‌كم تیا گرتن .. نه رۆژێ مه‌له با بمبه‌خشن ئه‌و قه‌یره كچانه‌ی ساڵانێكه كه‌زی سپی ده‌هۆننه‌وه منم گوناهبار.. منی كه‌ڕ و بێ زبان نه‌موێرا .. نه ببمه مێرد و .. نه ده‌ستگیران له بێستانه‌كانت ویستم شه‌مامه‌بم چه‌شنی بڕكه گندۆره‌ی زڕ ده‌ریان كێشام بۆ پاكبوونه‌وه‌ی گوناهه‌كانت عیسایه‌كی سه‌ر خاچت بم چ بێهووده‌بوو خوێن رژانم ئاخ .. من عومری جوانیم .. له‌وێ .. له كۆلیتی مریشكه‌كانت به‌جێما .. ساتانی هێلكه دزین ..! له‌و كۆڵانانه‌ی به پێچ و لوول بوون وه‌ك گه‌رده‌لوول له كولانه‌ی ئه‌و سه‌گانه‌ی وه‌ده‌رم ده‌نان .. تا خۆم تیا بسره‌وم ..!
|