ئـاوابـوون
 
 

دڵم ..

ئه‌وه‌ چه‌ندین ساڵه‌ .. دڵم

وه‌ك زه‌نگی كڵێسایه‌كی كاول بوو ..

تۆز و گه‌ردی .. هه‌موو دونیای لێ‌ نیشتووه‌!

جاران .. ده‌ستی ره‌حمه‌تێ‌ ده‌هات ..

هه‌زاران ئاوازی ره‌نگاوڕه‌نگی .. هه‌ڵده‌وه‌راند ..

هه‌ر ئاوازێـك

هه‌زاران كۆتره‌ باریكه‌ی تریقه‌ و خۆشی ..

له‌ ئاسمانی چاوه‌كانما هه‌ڵده‌فڕاند ..

 

ئه‌مێستا من ..

بوومه‌ته‌ گوندێكی چۆڵا و خه‌رابات

كڵێسای رۆح ..

بێ‌ سایه‌ و سێبه‌ر و سابات ..!

هه‌ردوو باسكیشم ..

دوو باڵی خاچێكی شكاون

بێ‌ ناز .. كه‌وتوون!

دڵم .. زه‌نگی تۆز لێ‌ نیشتووی كڵێسایه‌

كچه‌ گاورێكی ره‌نگ زه‌رد و ..

چاو زه‌رد و نه‌خۆش .. عاشقه‌ عیسا ..

نایه‌ت و .. ئه‌م زه‌نگه‌ لێــدا ..!

تا خۆڵا و گه‌ردی سه‌ر باڵام

تۆزی ناو گه‌رووم .. بداته‌ ده‌م ( با ) ..!

زه‌نگی چی ..؟

زه‌نگی ژه‌نگ گرتوو دڵی منه‌

ژێر كه‌وتووی تۆزی خه‌م و مردنه‌ .!

ره‌نگه‌ سبه‌ی ..

یان دوای سه‌دان ساڵی تر

هه‌ر به‌ رێكه‌وت ..

قه‌له‌ڕه‌شێكی ره‌حمه‌ت

له‌سه‌ر زه‌نگی ئه‌و دڵه‌ تۆزلێنیشتووه‌م

هه‌ڵبنیشێ‌ ..!

ئه‌وسا .. ئاوازێكی كپ و غه‌مگین

وه‌ك خوێنی ره‌ش .. داده‌چۆڕێ‌.

تك تك ده‌ڕژێ‌ ..

تا كڵێسای كاول بووی عومرم ..

سه‌رخوێن ده‌كه‌وێ‌ ..!