خه‌م داتگرێ و.. خه‌م بتگرێ
ئای كه چاوت ماته‌مینی هه‌زار ساڵه‌ی ..
ئه‌م دونیایه ده‌گرێته خۆی !
چاوانت تا خه‌ستتر فرمێسك و خه‌م ببارێنن
منیش پتر.. گه‌لـێ قووڵتر خۆشم ده‌وێن
ده‌ستگیرانه ڕه‌ش پۆشه‌كه‌م تۆ پێم بڵێ ..
هه‌واڵی چ هه‌ره‌سێكت بیستووه
ئه‌مشه‌و به ته‌نیا ..
چ حه‌زێكی مه‌زن و غه‌ریبت ناشتووه؟
بۆ ڕه‌ش پۆشیت .. ده‌ستگیرانه رۆح سپییه‌كه‌م..؟
ئه‌ی حه‌زه ڕه‌نگین و پڕ هۆشه‌كه‌م
خه‌می ساڵانی نه‌هاتی ئێستا و كۆنت بۆ باركردووه
ئای گه‌ر بمتوانیایه گوڵێكی ده‌گمه‌ن بم
بۆ جوانی بمده‌ی له سوخمه ڕه‌شه‌كه‌ت
كلی عه‌تارێكی گه‌ڕیده .. بۆ چاوه زه‌رد و گه‌شه‌كه‌ت
ئاخ و ئه‌گه‌ر ..
ده‌بووم به زاوایه‌كی بێ برین و فرمێسك و كه‌سه‌ر
زستانێكی بێ ڕه‌شه‌با
هه‌زار خۆزیا ..
گه‌ر وا بووبا ..!
b
هاتمه‌وه .. پاش ئه‌وه‌نده ساڵه زۆره ..
به ڕه‌ش پۆشی .. قژ بژ و .. سینه واڵا..
له‌به‌ر ڕه‌شه‌بای زستانێكی سارد و سڕی
ئه‌م به‌نده‌ره مت وه‌ستابووی
ئای كه سیمای هه‌رتكمان چه‌ند گۆڕابوو
به‌ڵام چاوانی زه‌ردی تۆ ..
چاوانی پڕ شه‌رم و خه‌م و ده‌ردی تۆ
هه‌رگیزاوهه‌رگیز.. نابن به دوو گه‌ڵای پایز هه‌ڵبوه‌رێن
ناسیمنه‌وه و .. له‌بیر ناكرێن ..!
عه‌زره‌تی بووم و
… ده‌سووتام
كه‌چی نه‌مگرتیته ئامێز
نه‌وه‌ك گڕ له باڵات به‌ربێ
بارانی ئه‌ستووری هیچ وڵاتێك..
ئاگری دووری و غوربه‌تی تۆی نه‌كوژانده‌وه
گه‌لێ گریام ..
به‌ر له تۆ.. هیچ شۆخێ فرمێسكی تاڵی منی ..
نه‌خوارده‌وه !
زۆر پرسه‌م دی ..
هیچیان كه‌زی و بسكی درێژی بۆ مه‌ینه‌تیم نه‌كرده‌وه
ده‌ستگیرانه ڕه‌ش پۆشه‌كه‌م ..
ئای كه تۆ گه‌وره‌تریت .. ڕه‌نگینتره خۆشه‌ویستیت
له په‌لكه‌زێڕینه‌ی ئه‌م وشانه‌م
له شه‌وی په‌رده‌ی بوكێنیت ..
باسی هاوڕێـكانی مناڵیمت بۆ ده‌كه‌م
مناڵانی مل باریكی ..
گه‌ڕه‌كه تاریكه‌كه‌ی خۆمان
كۆكه‌ڕه‌شه زۆری كوشتن
باسی ئه‌و شه‌وه ساردانه‌ی زستانێك
كه بێ پاڵتۆ یاساوڵی تۆ و .. شاره‌كه‌ت بووم
ئه‌و ژه‌مانه‌ی تێر به سكی خۆم .. قه‌ت نه‌مخواردوون
لایه‌لایه و ..
ناڵه‌ی ته‌نیایی دایكه سه‌ر به هه‌شه‌كه‌م
شه‌پازلله‌و كۆڵه‌مستی باوكه تووڕه و تڕۆكه‌م
ده‌ستگیرانه ڕه‌ش پۆشه‌كه‌م ..
له شه‌وی په‌رده‌ی بوكێنی بۆت باس ده‌كه‌م
قه‌ت پێت ناڵێم: خۆشم ده‌وێی
تا چیرۆكی سك سووتانی
هه‌موو ئافره‌تانی دونیات بۆ نه‌گێڕمه‌وه
وه‌رینی بلیۆنه‌ها گه‌ڵای .. ملیۆنه‌ها پایز
مه‌ینه‌تی به‌ندیخانه‌كانی سه‌ره‌تا و ئێستای مێژوو
خۆشم ناوێی ..
قه‌ت پێت ناڵێم: خۆشم ده‌وێی
تا نه‌زانی یه‌كه‌م دڵۆپ فرمێسك و خوێن
كه‌ی بوو ڕژان
ئه‌وسا هۆ ده‌ستگیرانه‌كه‌م .. ئه‌وسا
ماچت ده‌كه‌م .. وه‌ك ماچی ئاده‌م بۆ حه‌وا
پاش فڕێدانی له به‌هه‌شتی ڕه‌نگینی خوا
بۆنت ده‌كه‌م ..
وه‌ك چۆن (یه‌عقوب) كراسی یوسف – ی بۆن كرد و ..
بینایی هه‌ردوو چاوانی گه‌ڕایه‌وه‌و
ده‌م به كانی سۆزته‌وه ده‌نێم
هه‌ر وه‌ك ئه‌سپێكی له سه‌فه‌ر ماندوو
گه‌لـێ تینوو..
له ئاوی سوێر بخواته‌وه..!
خۆ ده‌زانم.. به قه‌د ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان
چاوی گه‌لێ جوانتر له چاوی تۆ هه‌ن
كه‌چی ده‌مه‌و ئێواران..
فریشته سپییه‌كانی ئاسمان دێنه خوارێ
له گۆمی پاكی چاوانت مه‌له ده‌كه‌ن
خۆیان ده‌شۆن.. ئه‌وسا ده‌ڕۆن..
تۆش ده‌زانی.. هه‌زاران بازوی به‌هێزتر.
هه‌زاران پیاوی له من داراتر
له‌سه‌ر ئه‌م زه‌وییه‌دا ده‌خوڕن‌و.. هه‌ن..
به‌ڵام ده‌شزانی..
كه ته‌نها دڵی ژێر سینه‌ی سه‌قه‌تی من
مێرگێكی هه‌رده‌م سه‌وزه..
بۆ له‌وه‌ڕی كارئاسكی بێ گوناهیت !
25/10/1979
|