دەریاى رەنگاوڕەنگ
 

 

وه‌ره‌ ئه‌مشه‌و .. گپ و بێ‌ده‌نگ .. خۆت نقوم كه‌..

له‌ نێو ده‌ریای هه‌وه‌سی ره‌نگاوڕه‌نگ

مانگه‌شه‌وه‌.. هه‌موو دونیا له‌ باوه‌شی شیرین خه‌وه‌

ته‌نها شتێ‌ وه‌ئاگابێ‌.. تریفه‌یه‌ و ..

جریوه‌ی خوێنی هه‌ڵچوومه‌.. ده‌متاسێنێ‌..!

ده‌سا وه‌ره‌ .. وه‌ك دوو رووباری خاكێكی غه‌مگین

با تێكه‌ڵا بین

له‌ شه‌تاوی یه‌ك هه‌وه‌سدا.. ده‌ست له‌ملانێ‌ ..

هه‌ردوو بمرین

هه‌ردوو بژین

هه‌ردوو سڕی یه‌ك له‌زه‌ت بین ..!

كه‌س ناتوانێ‌ ..

ره‌نگی دوو رووبار

تامی ماچی دوو دڵدار

له‌ یه‌كدی بسڕێته‌وه‌ ..

تامی ئه‌میان له‌ویتریان .. بدزێته‌وه‌ ..!

 

f

ئه‌مشه‌و ..

چ كانییه‌كی روون: ده‌تبینم

منیش تینووی هه‌زار ساڵه‌

نا .. با هیچ شتێ‌ شێلووت نه‌كا

نا راكشێ‌ .. خۆت لێڵا مه‌كه‌

ورده‌ ماسی زۆری خه‌مت .. سڕ و نوستوون

به‌ختی خۆمه‌ .. ئه‌مشه‌و: مردوون

تریفه‌كه‌ش .. هه‌زار ره‌نگت پێده‌گۆڕێ‌ و

هه‌زار ره‌نگت پێ‌ به‌رده‌دا

سڕ و بێ‌ ده‌نگ .. دێمه‌ سه‌ر چۆك

نه‌ك به‌ قومێ‌ .. یاخود: دوو قوم

ئه‌مشه‌و تینووم ..

تا دوا چۆڕ ده‌تخۆمه‌وه‌

تۆزی زۆری سه‌ر لێوانم ..

به‌ ماچێكی ته‌ڕ و خۆشت .. ده‌شۆمه‌وه‌

من زۆر ماندووم .. ساڵه‌هایه‌ وا به‌ڕێوه‌م

قه‌ت نه‌نوستووم ..

له‌ باوه‌شی پڕ میهری خۆت .. ده‌نگت نه‌یه‌ .. بمنوێنه‌

به‌ نیگای چاو.. به‌و په‌نجه‌ ترسنۆكانه‌ت ..

من بدوێنه‌ !

f

وا چاوه‌ زه‌رده‌كانی تۆ پێم ده‌ڵێن:

" منم  بیابانی وشك و سووتاو

خۆر برژاندمی .. كه‌چی نه‌مدی تنۆكێ‌ ئاو!

تۆش بووی به‌ بارانی یه‌ك شه‌وه‌

ده‌ ببارێ‌ و .. خۆش مه‌كه‌وه‌

هه‌ر گڵمتێ‌

هه‌ر چنگێ‌ له‌و لم و خۆڵه‌م

هه‌ر درزێكم ..

هه‌ر قڵیشێك له‌و هه‌زاره‌ها قڵیشه‌ی خاكه‌ وشكه‌م..

تینووی ده‌ریایه‌كی بێ‌بنه‌

تۆش بارانت هه‌ر ئه‌مشه‌وه‌

تۆ هه‌ورێكی ده‌ربه‌ده‌ر و هه‌م كۆچه‌ریت ..

به‌خوڕ داكه‌ و .. ده‌ كه‌ره‌م كه‌ و .. خۆش مه‌كه‌وه‌

هه‌رچه‌ند تۆ پتر بباریت ..

منیش پتر ده‌كرێمه‌وه‌

له‌ رێژنه‌كه‌ت ده‌خۆمه‌وه‌ و ..

له‌ باوه‌شتا وه‌ك به‌فری پاك .. ده‌توێمه‌وه‌ !

به‌یانیش كه‌ هه‌ڵده‌ستی ..

به‌ هه‌ر تنۆكێك بارانت ..

من سه‌د گوڵی زه‌رد و سوورم …… ده‌ركردووه‌

روو له‌ هه‌ر لایه‌ك ده‌كه‌ی ..

من گوڵزاری هه‌زار باخم رواندووه‌..!

f

مانگه‌ شه‌وه‌..

خه‌ڵكی نوستوون ..

هانێ‌ ئه‌وه‌ په‌یژه‌ی رۆحم

رووه‌و ئاسمانی حه‌زێكی پڕ ئه‌ستێره‌م .. زوو سه‌ركه‌وه‌

هه‌تا به‌یانی نه‌داوه‌ و . هێشتا شه‌وه‌

بۆچی ده‌نووی.. وه‌ره‌ بۆ دوا كه‌ڕه‌ت

خۆت نقوم كه‌ له‌ ده‌ریای بێبنی منی ..

پر له‌زه‌ت

f

وه‌ره‌ كه‌سم .. ئه‌مشه‌و ..

هه‌ر شه‌پۆلێكی ده‌ریای حه‌زو هه‌وه‌سم.. هه‌زار ره‌نگه‌

هه‌ر زه‌نگێكی خه‌م و ژانی .. ژه‌نگ گرتووشم .. سه‌دان ده‌نگه‌

ده‌سا وه‌ره‌ .. وه‌ك ئه‌و مانگه‌ ..

له‌ رووخسارم نزیك به‌وه‌

هه‌موو ( زه‌مه‌ن ) هه‌ر ئه‌مشه‌وه‌

سا.. ده‌ی وه‌ره‌ ..

هه‌روه‌كو شیعری ئه‌مشه‌وم .. خۆت رووت كه‌وه‌

نه‌ تۆ له‌ مه‌له‌ بێزاریت .. نه‌ من له‌ تۆ ..

نه‌ هه‌ردووكمان ..

له‌ تریفه‌ی پاكی ئه‌م مانگه‌شه‌وه‌

نزیك به‌وه‌ .. با بكه‌ومه‌ سه‌رشێتی و گێژه‌نه‌ و ..

شه‌پۆڵا به‌ یه‌كادادان

نزیك به‌وه‌ .. ده‌ی نزیكتر

هه‌ندرێنی خه‌م .. هه‌ڵگوردی ژان.. تێكڕا رمان

نزیك به‌وه‌ .. ئه‌وه‌ن هه‌ڵچووم ..

شه‌پۆڵه‌ سه‌رمه‌سته‌كانم سه‌فه‌ریان كرد ..

ئه‌وا رۆیشتن.. بوون به‌ په‌لكه‌زێڕینه‌ و ..

گه‌یشتنه‌ تاقی ئاسمان

بڕژێ‌ به‌ سه‌رما .. چییه‌ ده‌ڕژێ‌؟

تریفه‌ی شیرین ..

یاخود پرشنگی چاوته‌؟

ده‌نگێ‌ وا دێ‌ .. نركه‌ی ده‌ریا

یاخود زه‌نگی ناوته‌؟

نزیك به‌وه‌.. زوو سه‌ركه‌وه‌ ..

"زه‌مه‌ن" هه‌ر ته‌نها ئه‌مشه‌وه‌

تا به‌یانی نه‌داوه‌ و .. هه‌موو دونیا وا خه‌وتووه‌

تا ده‌ریای هه‌وه‌سی سه‌رمه‌ستم ..

له‌ شه‌پۆڵا و گێژه‌نه‌ی خۆی نه‌كه‌وتووه‌

زووكه‌ سواری شه‌پۆلێكی ره‌نگاوڕه‌نگ به‌

تا ده‌گه‌یته‌ دورگه‌ی له‌زه‌ت ..

هه‌موو ده‌نگێ‌ ..

هه‌موو ره‌نگێ‌

لای هه‌ردوومان هه‌م زیندووه‌ و ..

هه‌م مردووه‌!

كه‌ گه‌یشتین .. ئه‌وسا وه‌ك دوو سواری رووتی ..

ئه‌سپێكی بێ‌ زین

داده‌به‌زی .. داده‌به‌زم ..

هه‌ردوو به‌ جووت داده‌به‌زین

تاو نا تاوێ‌ .. ماچی مزر ..

له‌ لێوی یه‌كدی ده‌دزین !

شه‌وی 30/7/983

سلێمانی