|
دوا گـۆرانى نیـرۆن |
|
چ پادشایه‌كی ناسكه نیرۆن..! گڕی له (رۆما) به‌رداوه‌و بێ‌باك له سووتان.. گیتار ده‌ژه‌نێ پێی جوانه مۆسیقا‌و دووكه‌ڵا تێكه‌ڵا بن.. ئه‌و منداڵێكی لاساره‌و گه‌مه به ئاگر ده‌كا.. گه‌ره‌كه بزانێ ته‌نها پڕیشكێ چۆن ده‌توانێ گڕ له شارێك به‌ربدا.. رۆما ده‌سووتێ و ئه‌م مۆسیقا.. به‌سه‌ر جه‌سته‌و رۆحه سووتاوه‌كاندا ده‌پڕیژێنێ شێتانه هه‌لهه‌له لێده‌دا.. باڵنده‌كانی شار به په‌ڕو باڵی ئاگرینه‌وه.. به‌رز ده‌فڕن و ده‌كه‌ونه نێو كۆش و سه‌ر عه‌باكه‌ی.. بۆنیان ده‌كا.. بۆنی خۆڵه‌مێشی سه‌ر برۆو برژانگی سه‌ر ده‌مولێوی.. سه‌ر ژێی گیتاره‌كه‌ی ده‌كا.. به زمان خۆڵه‌مێشه‌كه ده‌لێسێته‌وه.. ئه‌م باوكه میهره‌بانه بۆنی خۆڵه‌مێشی ده‌نووكی سووتاوی بولبوله‌كانی نێو قه‌فه‌زو.. لێوی ماچنه‌كراوی كچان لێكدی جوێده‌كاته‌وه شاعیرانه خۆڵه‌مێشی پاش سووتانی كه‌زی وبسكی ژنه‌كان له لێوی به شه‌راب ته‌ڕی خۆی ناسڕێته‌وه.. رۆما ده‌سووتێ و ئه‌میش خاوخاو گۆرانی ده‌چڕێ: (سوپاسم كه‌ن.. مێگه‌لینه.. كه له شه‌وێكی وا سارد هه‌مووتانم گه‌رم كرده‌وه.. من ده‌مێ ساڵه ئه‌و خه‌ونه‌م ده‌دی.. ئاخر مانگ‌و ئه‌ستێره‌كان پێیان نه‌كرا شه‌وانی ده‌یجوور.. رۆشنكه‌نه‌وه.. شه‌وانی تاریك كه من نه‌مده‌زانی له‌و ماڵانه چی رووده‌دا.. له‌و دیو په‌نجه‌ره‌و په‌رده‌كان.. دوور له فه‌رمانی من.. دوور له چاوانی من ژن و مێرده‌كان ده‌ست له‌مڵانێی یه‌كدی ده‌بوون.. تف له‌و مانگ‌و ئه‌ستێرانه‌ی نه‌یانتوانی نهێنی شه‌وانم پیشانده‌ن.. ئه‌وه‌تا هه‌نووكه هه‌مووتان ده‌بینم.. سمۆره‌و سۆسنه.. كۆتر‌و كه‌روێشك، مناڵا‌و كچه نه‌باڵقه‌كان ئه‌و ژنانه‌ی به كراسێكی ته‌نكه‌وه چاوڕێبوون.. چاوه‌ڕێی مێرده‌ی مه‌سته‌كانی خه‌وتوو.. له‌سه‌ر مێزی مه‌یخانه‌كان.. یان ئه‌و پیاوانه‌ی به بیانووی هیلاكی نان په‌یداكردنه‌وه.. هه‌ر له ئێواره‌وه خزابوونه نێو باوه‌شی ژنه‌كانیان.. ئه‌وه‌تا چ جوان به‌ناو یه‌كدیدا دێن‌و ده‌چن.. وای كه قه‌شه‌نگه ئه‌و تێكچڕژانه.. من عومرێكه به‌دوای ئیقاعێكی وادا ده‌گه‌ڕام.. بۆ مۆسیقاژه‌نین‌و گۆرانی پڕ له گڕی خۆم.. ئیتر ئه‌وه دوا گۆرانی منه.. با مانگ‌و ئه‌ستێره‌ان بكوژێنه‌وه.. ئه‌وتا چراخانی گه‌وره‌ی من چ كونجێ ماوه پڕشنگ‌و رووناهی منی تێنه‌ڕژێ..؟ كێ ماوه له ترسی ئاگر، له تاوی سووتان، سه‌ما نه‌یگرێ..؟ گاگه‌لینه.. چ جوانه سه‌ماتان له نێو سووتان..! هۆ پیاوه نه‌وسنه‌كان.. ئه‌وه دوا مۆڵه‌ته.. له هیچ زه‌مانێكی دیكه‌دا وا رووت نابنه‌وه.. ژنه‌كان گوێ بگرن له قرچه‌قرچی به‌له‌زه‌تی مه‌مك‌و پاژنه‌ی پێیان.. وه‌رن فێرتانكه‌م كامه‌یه بۆكڕووزی له‌شی سپی و هی.. گه‌نم ره‌نگه‌كان... ئێوه‌ش كچانی شه‌رمنی شار.. چ بیانوویه‌كی جوانه.. ئه‌م سووتانه..! راكه‌ن‌و باوه‌ش كه‌ن به دڵخوازه‌كانتاندا.. چ سیحرێكه، له نێو یه‌كدیدا، توانه‌وه‌ی له‌شتان.. ژنانی شه‌رمن.. پیاوانی گرگن.. سوپاسمكه‌ن.. له گوناهه‌كان پاكمكردنه‌وه.. ئێوه بۆ هه‌ر گوناهێكی كه هێشتا نه‌تانكردبوو.. هه‌زاران ساڵا له دۆزه‌خێ ده‌سووتان.. شوكرانه بژێربن.. به‌م سووتانه له‌و سووتانه‌ی ئه‌وێ ئازادم كردن.. هه‌مووتان.. من چیمكردووه.. ته‌نها ئه‌وه‌نه‌بێ.. ئه‌و دڵانه‌ی له‌تاو رق‌و له‌تاو خۆشه‌ویستی ده‌سووتان.. ده‌سووتان‌و ده‌سووتان‌و ده‌سووتان.. به‌زه‌ییم ئه‌وه‌نده زۆربوو.. به یه‌كجاری گڕم تێبه‌ردان.. من پادشای مه‌مله‌كه‌تێك بووم خه‌ونم به یه‌كسانییه‌وه ده‌دی.. نه‌موێرا پاروو له ده‌می پیاوه تێره‌كان ببڕم..بیخه‌مه ده‌می.. مناڵه برسییه‌كانی ژێر چادره‌كان.. دادی من له‌وه‌دایه.. كۆشك‌و كه‌لاوه‌كانم وه‌ك یه‌ك سووتان.. هه‌نووكه وان له سووتان.. وه‌ك یه‌كن هه‌بووه‌و نه‌بووه‌كان.. له كتێبه زه‌رده‌كانی باووباپیران.. .. وتراوه ئاخر زه‌مان.. دونیا ژێره‌وژوور ده‌بێ، كۆتایی دێ توخمی ئینسان.. یان له ژێر به‌فردا نغرۆ ده‌بین.. یان فه‌وتین به گڕٍێكی بێ‌ئامان.. بۆ شه‌وێكی وا سارد‌و تاریك.. چ به‌له‌زه‌ته گڕ له‌خۆبه‌ردان..! فریاكه‌ون ئه‌ی ئه‌وانه‌ی ماون و هێشتا نه‌سووتاون.. شووره بن به ده‌وری كۆشك و عه‌رشی گڕگرتووما.. با بڕیژێ سه‌دای مۆسیقا‌و چریكه‌ی دوا گۆرانیم.. با داباری به‌سه‌ر لاشه‌ی سووتاوو.. باخی قه‌ره‌برووتی خه‌وه‌كانتان.. با به‌ر ره‌حمه‌تی من كه‌ون هه‌مووتان.. با به‌ر له بوون به‌خۆڵه‌مێش.. سه‌دای سووتاوی گیتاره‌كه‌م و گۆرانی من بێ له گوێتان...
1995
|