|
چی له ئه‌وینی تۆ بكه‌م ..
گڕی كام خه‌فه‌ت
خۆڵی كام خاك ..
به‌سه‌ر خۆمداكه‌م؟!
خۆ ئه‌وه‌نده دوورنیـت ..
هه‌ر ته‌نها هه‌ناسه‌یه‌كمان به‌ینه
ئه‌ی بۆچی ده‌نگم ناتگاتێ ..؟
له حه‌سره‌تی حه‌زی شیرین و .. هه‌م تاڵی تۆ ..
هه‌ر گۆرانییه‌كی من ده‌یڵێم
گریانێكی بێ كۆتایی و
…
بێ ئامانه ..!
هه‌ر چیرۆكێكی ده‌ینووسم ..
وشه‌كانی پشكۆیه‌كن ..
وه‌ك ئه‌ستێره به ئاسمانی خه‌یاڵما ..
په‌رش و بڵاون!
تۆی كافر مناڵیم بیر ده‌خه‌یته‌وه:
" پاش بارانان ..
خۆزگه‌م ده‌خواست په‌لكه زێڕینه‌یه‌ك ..
له‌باوه‌ش بگرم
كه نه‌مده‌گرت: تێر ده‌گریام
دایكم خه‌فه‌ت خان ده‌كرد
ده‌یدایه پڕمه‌ی گریان .. ده‌پاڕایه‌وه
ئه‌و ساته‌ی به یه‌كه‌وه ژیر ده‌بووینه‌وه
سه‌یری ئاسمانی سه‌رووم ده‌كرد ..
په‌لكه زێڕینه‌ی خۆشه‌ویستم ره‌ویبۆوه!"
هۆ په‌لكه‌زێڕینه‌ی حه‌زی حه‌وت ره‌نگم
كه‌ی دێیته‌وه نێو باوه‌شم ..؟
من نه‌ك له تۆ .. من له هه‌موو دونیا بێ‌به‌شم
چ رێگه‌یه‌كی وێڵا تۆی بۆ من هانی
چما تازه ده‌زانی شاگوڵێكی ته‌نیا و ڕه‌شم ..؟
چی له ته‌رمه بێ‌نازه‌كه‌ی تۆ بكه‌م ..
ئه‌وه‌تانێ .. ته‌رمی هه‌زاران ئه‌وین
ئه‌وه‌تانێ وا به‌سه‌ر شانمه‌وه
تۆ نازانی .. هه‌ر كانییه‌ك وشك بكا ..
سه‌دان كانی سووری گریان ..
له چاوه‌كانی من ده‌ته‌قنه‌وه ..!
تۆ نایزانی .. هه‌ر سیامه‌ندێ ..
گه‌ر نه‌گا به خه‌جێ-ی خۆی
هه‌ر فه‌رهادێ .. به شیرین-ی
هه‌ر مه‌مێ .. به خاتووزین-ی
ئه‌و دڵه‌ی من وه‌ك شاخێكی مه‌زنی بن كۆڵا
كه چۆن ده‌ڕمێته نێو خه‌ره‌ندێ ..
ئاوا گران هه‌ره‌س دێنێ و داده‌ڕوخێ ..!
بۆ چیرۆكێك داده‌نیشم ..
گه‌واڵه هه‌وری به‌هار ئاسا ..
ده‌ناڵێنێ و
…
ده‌گرمێنێ ..!
ئه‌ستێره‌ی به‌ختی هه‌ركامتان .. گه‌ر داده‌كشێ ..
گلێنه‌ی هه‌ردوو چاومه و .. ده‌توێته‌وه
…
سووك و سانا له من ده‌رژێ!
ته‌نها بۆ تۆ ناناڵێنم ..
كه‌ی باران بۆ تاقه گوڵێ باریوه ..؟
چ دڵێ ته‌نها بۆ شۆخێك له‌رزیوه ..؟
من نه‌مدیوه ..!
سه‌یركه ئاسمان .. چۆن گشت دونیای داپۆشیوه ..!
سه‌یركه شاعیر .. چ خه‌مێكی بێ‌پایان و نه‌به‌زیوه ..!
ته‌نها بۆ تۆ ناگریم
مه‌رگی ناوه‌ختی ئه‌وینی تۆ
له دارستانی به‌ر ڕه‌شه‌بای پایزی مێژوو.
تاقه یه‌ك گه‌ڵای زه‌رد و وه‌ریوه
له زستانی هه‌میشه‌یی ناوه ژووره‌كه‌م ..
تاقه یه‌ك خه‌می ته‌نیا و ته‌زیوه
ئه‌و مه‌رگه‌ی من پرسه‌م بۆ گرتووه ..
سه‌ری پێخستوومه‌ته سه‌ر ئه‌ژنۆ
مه‌رگێكی مه‌زنه ..
دوور له چاوی تۆ ..!
22-10-1983
|