کـەســیرە
 
 

وه‌ره‌وه‌..

به‌ بیابانی رۆحما تێَپه‌ڕه‌ با سه‌وز بێ‌ ..

چ جه‌نگه‌ڵێكی تاریكه‌ و .. تیا ماوم ..

كوا چرای چاوه‌كانت ..؟

له‌و رۆژه‌وه‌ی تۆ له‌ ئاوه‌دانیی دڵم ده‌رچوویت

من بوومه‌ته‌ خه‌راباتێك

ملیۆنه‌ها گه‌ڵای زه‌ردیش له‌به‌ر پێما كه‌وتوون

وه‌ره‌ ئه‌ی هوزاری به‌هه‌شتی ..

وه‌ك ئه‌وسا له‌ ناخما بچریكێنه‌

با گوڵا ،  گه‌ڵا .. چرۆ ده‌ركه‌م

ده‌خیلتم .. ئه‌ی مه‌سیحی موحیبه‌تی من

ده‌ هاوارێ‌..

موعجیزه‌ی تۆ نه‌بێ‌

له‌ نێو گۆڕی هه‌زار پێ‌ قووڵا ..

ئاخۆ كێ‌بێ‌ من ده‌ربێنێ‌ ..؟

ئه‌و رۆژه‌ بوو كه‌ گیرۆده‌ت بووم ..

له‌ كه‌نار ده‌ریایه‌ك گۆرانیت ده‌چڕی ..

شه‌پۆله‌ نووستووه‌كان وه‌ئاگا هاتن .. كه‌وتنه‌ سه‌ما ..

ماسی و مه‌رجان و نه‌هه‌نگه‌كان سه‌رئاوكه‌وتن

چ ئاوازێك .. چ چریكه‌یه‌ك .. چ سیحرێ‌ بوو ..؟

پیاسه‌ت ده‌كرد .. له‌ هه‌ر شوێنێ‌ پێت هه‌ڵده‌گرت ..

كانیاوی كه‌وسه‌رێك ده‌ته‌قی

كه‌ به‌ ته‌ك ره‌ز و باخه‌ مردووه‌كانا تێپه‌ڕیت

دره‌خته‌كان به‌ریان ده‌گرت

شه‌وانه‌ش .. كه‌ قژت راده‌خست و له‌سه‌ری ده‌نووستی

مانگ و ئه‌ستێره‌كانی ئاسمان .. داده‌به‌زین

له‌ په‌نجه‌ره‌ و كڵاورۆژنه‌و ده‌رگا وازه‌كانه‌وه‌ ..

چه‌مۆڵه‌یان له‌و پیاوانه‌ ده‌گرت

كه‌ دڵیان ده‌خیله‌ی پاره‌یه‌ و

حه‌زیان له‌ خه‌می تۆ نه‌ده‌كرد ..!