مـەینــەت
 
 

ئه‌ی په‌یكه‌ری نه‌گبه‌تی .. من تۆ ماچ ده‌كه‌م

یان .. لێوم خستۆته‌ سه‌ر لێوی ..

شۆخی خه‌م و مه‌ینه‌تی ..؟

ئه‌وه‌ تۆیت .. كه‌ ده‌تگرمه‌ ئامێزم

یان .. گه‌رده‌لوولی غوربه‌تی ؟

ئه‌وه‌ تۆیت .. یان تاڤگه‌ی به‌ خوڕه‌می خه‌م و خوێنیت ؟

كه‌ ده‌ست به‌ نێو قژتا دێنم ..

وا هه‌ست ده‌كه‌م ..ئاسكێكی چوار په‌ل سووتاوم ..

له‌ نێو دارستانێكی گڕگرتوودا ..

په‌ل ده‌هاوم ..!

ئه‌مه‌ سه‌ر و پرچی تۆیه‌..

یا ره‌زێكی قه‌ره‌برووته‌ ..؟

ئه‌وه‌ سینه‌ و مه‌مكی تۆیه‌ ..

یا خاكێكی وشك و رووته‌؟

*

نا .. من كه‌ تۆ ماچ ده‌كه‌م ..

خه‌مێكی پیر و .. پیرۆز ماچ ده‌كه‌م ..!

*

من له‌ مێژه‌ چاوه‌ڕوانی ئازارێكی كه‌ڵه‌گه‌تم ..

تا گه‌ر هات و له‌ كونجی غوربه‌تیما ..

له‌ ته‌نیایی .. توامه‌وه‌

تۆ بێیت و به‌سه‌رما بچه‌مێیته‌وه‌ ..

بمگریته‌ باوه‌ش و .. بملاوێنیته‌وه‌!

*

ئه‌ی په‌یكه‌ری مه‌ینه‌تی ..

ئه‌ی چیرۆكی بێ‌كۆتایی نسكۆ و .. نه‌گبه‌تی

من و تۆ .. دڵدار و دڵخواز نین ..

ئه‌من و تۆ ..

دوو رووباری فرمێسكی سه‌رهه‌ڵگرتوو بووین ..

له‌ شه‌تاوێكا تێكه‌ڵا بووین!

*

ده‌ بێنه‌ .. با ئه‌و چاوانه‌ت تێر ماچ كه‌م

ئاخ ئه‌وه‌ هه‌ردوو چاوانی تۆن

یا دوو كوێره‌كانی بنارێكن..؟

ده‌ ئه‌و گه‌ردنه‌ زه‌رده‌ت هه‌ڵبڕه‌ ..

ئاخ.. ئه‌وه‌ گه‌ردنی ئه‌وسای تۆیه‌ ..

یا كێلی شكاوی مه‌زارێكه‌ ؟

*

 

تۆ بۆ من چی نه‌بوویت ..؟

تۆ بارانێكی ره‌حمه‌ت بوویت..

منیش خاكێكی تینوو

تۆ عیسای موعجیزه‌ بوویت ..

منیش عاشقێكی بێ‌مراد و مردوو ..!

*

ده‌وه‌ره‌ ئه‌ی كچی ده‌رد و مه‌ینه‌ت ..

بمگره‌ ئامێز و تێر ماچم كه‌

تۆ من ماچ ده‌كه‌ی ..

یان ..هه‌یكه‌لی عومرێكی پڕ حه‌سره‌ت ؟!

 

سلێمانی – 18/8/1984