| منەمنێکى هاملێت |
|
ئاخ.. چ دونیایه‌كی ناڕێكه و شێواو.. كه تێیكه‌وتووم.. گه‌ره‌كه من به ته‌نیا سیحرێك بنوێنم‌و.. رێكیخه‌مه‌وه..! نه‌فره‌ت له‌و چركه‌یه‌ی له تۆ جیابوومه‌وه.. دایكه هه‌زار خۆزیا.. له دامێنته‌وه نه‌ده‌ڕشایته‌وه خودا بتگرێ‌و.. ئۆباڵی منت به ئه‌ستۆ له دوای ئه‌و رشانه‌وه پڕ له خوێن‌و زووخاوه‌ی تۆ هه‌زاران جاری‌تر ئه‌م دنیا سه‌رخۆشه هێڵنجی دا‌و.. به‌سه‌ر هه‌موو عومرمدا خوێن رشایه‌وه..! گله‌ییبێ.. له‌و هه‌ناوه گه‌رمه‌ی خۆته‌وه.. بۆ دنیایه‌كی ناواهی سارد.. تۆ فڕێتدام.. ده‌نێو تاریكی ئه‌به‌دی ره‌حمی پڕ میهری تۆدا.. وه‌ك ده‌ڵه‌مه‌یه‌كی پاك چ خۆشبه‌ختانه مه‌له‌م ده‌كرد.. گوناهتكرد.. گوناهێكی گه‌لـێ گه‌وره.. بۆ هه‌ڵتدام بۆ نێو رووناكییه‌كی وا كوشنده..؟ رۆناهییه‌یك كه به شه‌واره‌ی خستم.. هه‌ردوو چاوانی كوێركردم..! كێ پێی وتیت: من حه‌زم له سه‌فه‌رێكی وا سه‌خته..؟ دونیایه‌ك وا سته‌مكار.. سپڵه و ساردتر له دڵی پیره سۆزانییه‌ك.. تۆش دایكه.. هه‌تا تۆش.. سپڵه ده‌رچوویت.. سپڵه‌تر له‌م زه‌مانه.. سپڵه‌تر له –ساتوون-ی خوداوه‌ند ئه‌و وه‌خته‌ی.. شێتانه قه‌پ له بێچووی خۆی ده‌گرێ‌و.. ده‌یخوات..! دڵڕه‌قتر له پایز.. ئه‌و وه‌خته‌ی به نێو دارستاندا.. پیاسه‌یه‌ك ده‌كات.. هێشتا كفنی باوكه زه‌ردهه‌ڵنه‌گه‌ڕابوو.. كه تۆ ده‌ستت له‌گه‌ڵا مامه‌كانم تێكه‌ڵكردو.. خزایته نێو پێخه‌فیان.. ئۆفیلیا-ی جوان.. ماڵئاوا له تۆش .. ماڵئاوا.. له كوێ پاكیزه‌یی خۆت وه‌ك كاژی مار فڕێ‌دا.. ئه‌ی یاری رۆژانی دڵساردی و شه‌وانی دڵگوشران..! تۆ هه‌نووكه بووی به یاری به‌رده‌ستی.. پیاوه له‌پ ره‌شه‌كانی میرو پادشا‌و به‌گزاده‌كان ئه‌و وه‌خته‌ی سه‌ده‌ها چاڵا لێده‌ده‌ن.. بۆ له‌گۆڕنانی ئه‌وینمان ئۆف دایه‌گیان.. نه‌فرینه هه‌تاو.. من گه‌ره‌كمه بگه‌ڕێمه‌وه.. نێو تاریكستانی منداڵدان..! له‌وێ.. چه‌نده ئارامبووم مت و كپ و خامۆش مه‌گه‌ر خورپه‌ی دڵت، جاروبار، ده‌نێو گه‌رمه‌ی خه‌و.. رایده‌چڵه‌كاندم. كه خوێنی پڕ له ته‌وژمی ترساوت ده‌رژایه.. نێو دڵه چكۆله‌كه‌مه‌وه‌و.. ده‌یتاساندم له تاو شه‌ڕی پیاوه نینۆك درێژ‌و كه‌ڵبه تیژه‌كان.. ئه‌و وه‌خته‌ی له‌سه‌ر شۆخیت شێتانه ده‌جه‌نگان منی ده‌ڵه‌مه.. چه‌نده بێئاگابووم له جه‌نگی خوێناوی‌و.. هه‌رای نه‌بڕاوه‌ی دڕنده‌و دڕه‌نده‌كان.. نه‌فره‌ت له خۆر ئه‌و وه‌خته‌ی به‌رپێی جه‌نگاوه‌ران.. رۆشن ده‌كاته‌وه نه‌فره‌ت له ئاو.. ئه‌و وه‌خته‌ی قوڕگی وشك هه‌ڵهاتوویان.. ته‌ڕ ده‌كاته‌وه نه‌فره‌ت له ئاگر.. له‌و شه‌وه سارده‌ی بكوژان.. خۆ له‌به‌ریدا گه‌رمده‌كه‌نه‌وه نه‌فره‌ت له داروبه‌رد.. له هه‌موو شتێك.. كه ئه‌ونده ئاسان دێ به چنگیانه‌وه نه‌فره‌ت له‌و خاكه‌ش كه شه‌ق ناباو.. هه‌ڵیان نالووشێ هۆ دایكه‌گیان.. وه‌ره‌وه به داره‌داره بمبه‌ره‌وه.. منی منداڵا چیدی ده‌ره‌قه‌ت نایه‌م له‌و شه‌وه‌وه كه خێوی باوكه هات‌و.. له خه‌وی كردم سوێندی دام كه تا ماوم: شه‌ره‌فه بجه‌نگم.. تۆڵه‌ی خوێنی به‌ناهه‌ق رژاوی بسێنمه‌وه تۆش ده‌نێو پێخه‌فی مامه‌كانم به‌زۆر ده‌رهێنم وه‌لـێ سه‌د حه‌یف و مه‌خابن كه منی ناكرده.. نایتوانم..! هۆ دایه‌گیان.. ده‌كه‌ره‌مكه‌و.. بانگمكه‌ره‌وه ئه‌و رێیه زۆر دووره، هه‌ر له ئێستاوه بۆ رابردوو، من.. چۆن بتوانم بێمه‌وه..؟ تا ده‌گه‌مه‌وه ساته‌وه‌ختی یه‌كه‌م زریكه‌و.., قووتی ده‌مه‌وه وه‌ره‌و ده‌ستم بگره.. من هه‌تاوه‌كه كوێریكردم منی ساوا ده‌نێو مه‌یدانی شه‌ڕكه‌راندا قه‌ت گه‌وره نه‌بووم‌و.. قه‌ت گه‌وره نابم.. ده‌نێو دیوه‌خانی گه‌رمی ئه‌و هه‌موو پیاوه عاقڵانه‌دا له‌وه ده‌چێ من به نه‌فامی خۆمه‌وه بمرم گه‌ر به زۆریشبێ هه‌ر دێمه‌وه به فرمێسكی زۆری چاوانم.. له دوای هه‌زار جار دڵشكان.. نێو منداڵدانی وشكه‌وه‌بووت ته‌ڕده‌كه‌مه‌وه.. ده‌نێو ئه‌و وێڵاشه‌دا جارێكی‌تر ده‌بمه‌وه ده‌ڵه‌مه‌و.. به پاكی خۆم شادده‌بمه‌وه.. ده‌ژێمه‌وه..!
|