تێیكه
.. به‌ژنێك .. دوو به‌ژن
شێتی وه‌رزی به‌فرانباره ئه‌و رۆحه‌ی من
ده‌با له ژێر سیپاڵی سپی تۆدا
رۆحی ره‌شمان داگیربێت و ..
هێدی هێدی له گوناهه‌كان پاك بینه‌وه
ئه‌ی فرمێسكی له ئاسمان داكه‌وتووی فریشته دڵسارده‌كان
ئه‌ی رۆندكی قه‌هری خودا و ..
هه‌وره له سه‌فه‌ر ماندووه‌كان
ببارێ .. ده ببارێ .. كلوو .. كلوو .. نا
ته‌غار .. ته‌غار
ده‌نا قه‌ت فریا ناكه‌ویت
ئه‌و هه‌موو په‌ڵه پیسه و .. دڵه ڕه‌شانه سپی
كه‌یته‌وه
بۆ گوناهی ته‌نها رۆژێكمان ..
گه‌ره‌كه هه‌زار ساڵا ببارێی ..
ده‌نا زه‌حمه‌ته .. نا .. مه‌حاڵه پابوونه‌وه‌مان
ده‌ی ببارێ .. غه‌مگینانه ..
به‌سه‌ر خه‌رمانی ئه‌و گولله‌و تۆپانه‌ی..
بۆ ڕاوی ئێمه كه‌ڵه‌كه كراون
….
به‌سه‌ر ئه‌و گۆڕانه‌ی ئاماده بۆ ئێمه
…
هه‌ڵكه‌نراون
چ بێ‌باكانه داده‌خزێی .. دایده‌پۆشیت
جێگه‌پێی فریشته و .. گشت ئه‌هریمه‌نه‌كان
به‌سه‌ر چه‌تری سیخوڕان و
…
هه‌م كه‌ڵه‌مێردان
ببارێ به‌سه‌ر مه‌زاری ئه‌و فاڵچییانه‌ی تا مردن
نووشته‌ی درۆیان بۆ قه‌یره‌و بێوه‌ژنه هه‌ناسه‌سارده‌كان
..
ده‌نووسییه‌وه
به‌سه‌ر ئه‌و كۆشكانه‌ی ده‌نێویدا تا به‌ره‌به‌یان
پیاوانی قومار له‌سه‌ر خه‌ون و ژنه‌كانیان ده‌كه‌ن
گه‌ره‌كه سه‌دان ساڵا ببارێی
تا كووره‌ی رقی نێو دڵی ساوایه‌ك سارد ده‌كه‌یته‌وه
چ بێ‌باكانه داده‌خزێی
به‌سه‌ر قه‌فه‌زی مه‌له دیل و ره‌نگینه‌كان
دارستانی پڕ له دڕنده و .. نێچیره‌كان
چ ناته‌بایه سه‌مای شه‌نگ و ناسكی تۆ .. ناته‌با
له‌گه‌ڵا تێكچڕژانی ئه‌و هه‌موو هه‌را و جه‌نگه‌ی وا ..
له نێو دڵا و سه‌ر جاده‌كان
تۆ گه‌ره‌كته چ ده‌رسێك به پیاوكوژه‌كان بڵێیته‌وه
ئه‌وانه‌ی وان ته‌یار و ئاماده ..
ده‌ست له‌سه‌ر په‌له‌پیتكه‌ی تفه‌نگه‌كان
بۆ كوشتنی هه‌ر كلووه به‌فرێك وان له‌سه‌رپێ ..؟
چ ناڕێك و ناته‌بایه سیپاڵی سپی تۆ و ..
رۆحی ره‌شمان ..!
چ ناته‌بایه .. چ ناته‌با ..!
سلێمانی. به‌فرانباری/ 1992
|