نســکۆ


 

مه‌رگم زۆر دی ..

ته‌رمی هه‌زاران ئه‌وینم هه‌ڵگرتووه‌..

زۆر خۆری خه‌نده‌ی سه‌وز و سووریشم ..

له‌ دڵا ناشتووه‌

كه‌چی تا ئێستاش..

شیعرێكم نه‌وت بۆنی مردنی لـێبێ‌..!

خۆشم ویستی..

كه‌چی تا ئێستاش ..

شیعرێكم نه‌وت ره‌نگی چاوانت هه‌ڵبگرێ‌..!

f

كه‌ مه‌لی شیعرێكی په‌ره‌وازه‌م..

من جێدێڵێ‌ و دوور باڵا ده‌گرێ‌

ئاسمانێكی پڕ له‌ دووكه‌ڵا ده‌یخنكێنێ‌..

چی دره‌ختی كه‌سه‌ر هه‌مه‌

گه‌ڵای گریان ده‌بارێنێ‌..!

f

تۆ رۆیشتیت و . ماڵئاوا

چۆن چیرۆكی كۆچی گه‌وره‌ت بنووسمه‌وه‌..

كه‌ دارستانێ‌ ده‌سووتێ‌..

جگه‌ له‌ خۆڵه‌مێش و پشكۆ ..

چی جێدێڵێ‌..؟

كه‌ رووبارێ‌ وشك ده‌كا..

سه‌رچاوه‌كه‌شی كوێر ده‌بێته‌وه‌

مه‌رگی ماسی و دره‌خته‌كانی سه‌ر دوو كه‌نار

به‌ كێ‌ ده‌سپێرێ‌..؟

بگره‌ هه‌وریش به‌خته‌وه‌ره‌..

(با) زۆر ئاسمانی دووری پبَشاده‌كا

تا له‌ سه‌ر خاكێكی برسی داده‌كا..!

من به‌ چی بم.. له‌ نێو دڵتا كه‌ نێژرابم

تۆش له‌ ژێر بارێ‌ لم و گڵا .. وای له‌ گۆڕدا

 

f

لێم ناگه‌ڕێی..

بۆ هه‌ر كوێ‌ ده‌چم

په‌لكه‌زێڕینه‌ی حه‌زی تۆیه‌ و ..

ئاوریشمی شیعرمه‌ و ..

هه‌موو ئاسمان و زه‌وی لێم ته‌نیوه‌ته‌وه‌ ..

خۆشم ویستی..

وه‌ك ده‌رێش و خوا په‌رستی ..

وه‌ك شه‌و و مه‌ی و مه‌ستی ..

ئه‌و شیعرانه‌ی بۆ تۆم نووسی ..

له‌ روویانا ده‌روازه‌ی دڵت داخست ..

كه‌ بوون به‌ شنه‌ ..

په‌نجه‌ره‌كانیشت نه‌خستنه‌ سه‌ر پشت ..

كه‌ پایز هات ..

بۆ دارستانێكی رووت و مردوو خوێندمنه‌وه‌.

هه‌ر دره‌خته‌ و گه‌ڵای سه‌وز و تازه‌ی ده‌گرت

له‌سه‌ر مه‌زاری چه‌ند شۆخێ‌ نوسیمنه‌وه‌

هێدی هێدی..

خۆڵی سه‌ر گۆڕه‌كانیان لابرد.

شل شل بۆم ده‌هاتنه‌ سه‌ما..

تۆی تیا نه‌بوویت ..

شاخی خه‌مم ..

دیواری به‌ردینی ده‌ردم ..

هه‌ر نه‌ڕما ..!

 

26/3/1983

سلێمانی