پەنجەرەیەکى کراوە
لە نیوە شەودا


 

شه‌و .. راشكا

دونیا هه‌مووی كپ و خامۆش

له‌ ژووره‌كه‌مدا له‌ هه‌ناسه‌ی من پتر

له‌ دووره‌وه‌ش جگه‌ له‌ سه‌گوه‌ڕێ‌ زیاتر

ده‌نگێ‌ نایه‌ : فه‌رامۆش

تاوناتاویش لووره‌ی گه‌واڵه‌یه‌كی دوور.. ئاسمان ده‌بڕێ‌

ده‌ڕوا .. ده‌ڕوا

دوور دوور ده‌ڕوا تا كپ ده‌بێ‌

" یا تانجییه‌كی برسییه‌ و خه‌وی نایه‌ ..

كه‌ ته‌نها ئه‌و عزرائیل ده‌بینێ‌

له‌ ئاسمانه‌وه‌ هه‌ڵۆ ئاسا .. دێته‌ خوارێ‌

چۆله‌كه‌ی رۆحێ‌ ببات

هی راوچییه‌كه‌ی بێت

یان منی مات ! "

هه‌موو شتێك له‌ ژووره‌كه‌ما سارد و سڕ و مردووه‌..

ته‌نها دڵم .. دڵم نه‌بێ‌ ..

چنگێ‌ سه‌هۆڵه‌ و ده‌شسووتێ‌ !

 

باران چ به‌خۆڕ ده‌بارێ‌ ..

بیابانی ئه‌و گیانه‌ وشك و سووتاوه‌م .. قه‌ت ته‌ڕ نابێ‌..

باران دره‌خت و سه‌ربان و چۆله‌كه‌ و شه‌قام و كه‌ریش ..

ده‌شواته‌وه‌

تۆزی زۆری سه‌ر چاوی من نه‌بێ‌

دونیا .. مات و ته‌ڕ و تاریكه‌ ..

رووناكی بروسك نه‌بێ‌ ..

جار و بار به‌ر بیناییم رۆشن ده‌كا و ده‌كوژێته‌وه‌

بروسكیش زۆر له‌ ئه‌وینی – ته‌مه‌ن كورتی – من ده‌چێ‌

چه‌خماخه‌ ده‌كا و .. زوو ده‌مرێ‌

f               ئای ..

مناڵا چه‌ند گوێی به‌ لایه‌لایه‌ی دایكی خۆشه‌..

من هه‌زار ئه‌وه‌نده‌و.. گه‌لێك پتریش..

به‌ ڕژان و شوڕه‌ی ئاوی گوێسوانه‌كه‌..

له‌ لووره‌ی سه‌گ..

فیكه‌ی ناوه‌خت و خه‌مهێنی نیوه‌ شه‌و

فیكه‌ی بێزاری یاساوڵێـكی عه‌زره‌تی و ..

دووره‌ باوه‌ش و ماچ و خه‌و

 

 

f               كێیه‌ ده‌ڵێ‌ زستان:

وه‌رزی یادی كۆستی حه‌زی ئاسمان نییه‌؟

كێیه‌ ده‌ڵێ‌:

ئه‌م بارانه‌ش گریانی یه‌زدان نییه‌؟

لێمان گه‌ڕێن.. كێ‌ ئیمشه‌و به‌قه‌د من و ئه‌ستێره‌كان

غوربه‌تی سه‌ری لێداوه‌؟

كێ‌ وه‌ك من و ئاسمان.. حه‌ز ده‌كا به‌ گریان

گریان به‌ دڵا.. گریان به‌ چاو.. گریان به‌ گیان ؟

بارانه‌ و ..

خه‌می پشیله‌و كه‌رو سه‌گ‌و یاساوڵاو سه‌رخۆشه‌كانیش..

من ده‌یخۆم

بارانه‌و ..

خه‌می باڵنده‌كانیش هه‌ر خۆم ده‌یخۆم

رووه‌و دارستانی چڕو تاریكی گیانم .. هه‌ڵنافڕن

f               نا .. وانییه‌ ..

له‌ ژێر هه‌یوانی ماڵه‌ هه‌ژاره‌ زۆره‌كان

شه‌وانی باران هه‌ژاره‌كان

هێلانه‌ی سۆزو عیشق خۆش ده‌كه‌ن!

بارانه‌ و .. بارانیش نهێنی گریانی ئاسمانه‌

ئه‌مشه‌و .. یادی كۆسته‌كه‌ی گه‌لـێ‌ گه‌وره‌یه‌

نه‌ك ته‌نها خۆی

بگره‌ فریشته‌كانیش وا به‌ كوڵا بۆی ده‌گرین

خه‌ریكه‌ شینایی ئاسمان و ئه‌ستێره‌كانیش .. ببارێن

لێمان گه‌ڕێن .. ئێوه‌ بنوون..

ئێمه‌ هه‌ردوو ..

بۆ كۆچی سووری په‌ریزاده‌ی خۆمان و ..

په‌ریزاده‌كانی ئێوه‌ش ده‌گرین ..!

ئێوه‌ بنوون .. ئێمه‌ هه‌ردوو ..

له‌بری ئێوه‌و كه‌ر و پشیله‌كانیش.. وا ده‌مرین !

ئێوه‌ بنوون ..

سه‌رینی نه‌رم .. خه‌ونی سه‌وز

ماچی گه‌رم .. نه‌وس و گه‌وز

ئای رۆڵه‌كانم ..

من خه‌م و تاریكی كۆڵانه‌كانیشتان .. هه‌ڵده‌گرم

من له‌ باتیتان وا ده‌مرم ..!

f               هۆ خه‌می خۆم .. زێده‌ جه‌رگم

بۆم وه‌ره‌وه‌ .. هه‌روه‌كو بزنێك ..

كه‌ تازه‌ كاری لـێ‌ به‌رده‌بێته‌وه‌ ..

هێدی هێدی ده‌یلێسته‌وه‌ ..

وه‌ره‌ و ئاوا بتلێسمه‌وه‌!

ده‌رگاكان ناكه‌نه‌وه‌ .. ده‌ وه‌ره‌وه‌ نیوه‌شه‌وه‌

هۆ خه‌مه‌كه‌م .. گلێنه‌ی هه‌ردوو چاوه‌كه‌م

به‌س منم نازی هه‌تیوه‌كه‌ی خۆم هه‌ڵده‌گرم

ده‌ وه‌ره‌وه‌ ..

ده‌سته‌كانیشم نه‌ماون بتگرمه‌ باوه‌ش

ده‌ تۆ له‌ باوه‌شێم بگره‌ .. بملاوێنه‌وه‌

بڕۆره‌وه‌ كونجی دڵه‌ بێ‌ ده‌رگایه‌كه‌ی خۆم  تێر بخه‌وه‌

f               شه‌وه‌ و كۆمه‌ڵێ‌ تارمایی ..

له‌ودیو په‌نجه‌ره‌كه‌مه‌وه‌

سه‌یرم ده‌كه‌ن و .. شه‌رم ناكه‌ن

" كه‌س نییه‌ شه‌رم دایبگرێ‌ ..

من وه‌كو سه‌گ قه‌واره‌ی برینی خۆم ده‌لسمه‌وه‌

شه‌رم ناكه‌ن ..

سه‌یری منی بێ‌ سیپاڵا ده‌كه‌ن.. رووتم..

ئاخر ئێوه‌ خۆتان رووتتان كردووم ..!"

f               ئاه.. ببوورن شه‌وه‌ و ته‌نیام

شه‌و و ته‌نیاییش ..

ره‌شه‌بای شێتی وڕینه‌یه‌كی پێهه‌ڵكردووم

له‌ دارستانی مێشكما ..

ملیۆنه‌ها گه‌ڵای خه‌می كۆن و نوێ‌ی .. پێ‌باراندووم

شه‌و راشكا.. منیش نه‌ شیعرێ‌ .. نه‌ ئاگردانێ‌

ئافره‌تێ‌ نییه‌ .. سه‌رمای ئه‌مشه‌وم لابه‌رێ‌

كه‌سێ‌  نییه‌ .. خه‌می خۆم و زه‌وی پێبسپێرم

ئه‌مشه‌و به‌ ته‌نیا شینێ‌ ده‌گێڕم

ئه‌مه‌ی ئه‌مشه‌و شیعر نییه‌ ..

دوا وڕینه‌ی عیسایه‌كه‌ ..

گوێی لـێبگرن له‌ خاچ ده‌درێ‌

ئه‌مه‌ی ئه‌مشه‌و .. باران نییه‌

گریانی كۆستی حه‌ز و .. خه‌می شاعیرێكه‌

خه‌ریكه‌ ئه‌ویش ببێته‌ تنۆكێ‌ باران و ببارێ‌

ئێوه‌یش نوستوون .. نوستووی مردوون وه‌ئاگابن ..

گوێ‌ بۆ گڤه‌گڤی ئه‌م ره‌شه‌بایه‌ شل كه‌ن

گڤه‌ نییه‌..

نوزه‌ی كۆچ و سه‌ره‌مه‌رگی باوكتان بوو..

دوا ناڵه‌ی پێش مردنی

ده‌ زۆڵا مه‌بن .. گوێ‌ی لـێبگرن

ئه‌و ته‌مه‌ی سه‌ر چیاكانیشی لـێ‌گرتوون

دووكه‌ڵی ئاخ و هه‌ناسه‌ی گه‌رمی شه‌وێكمه‌

هی شه‌وێكی بێداریمه‌ ..

هیچ خۆرێك نایڕه‌وێنێته‌وه‌

تا ته‌می خه‌مم نه‌ڕه‌وێته‌وه‌ ..!

شه‌وێكی زوقم و بارانه‌ ..

هه‌ر خۆم ته‌نیام .. سڕ و سه‌رسام

 

f               ئه‌ی تۆ له‌ كوێ‌ی

ئه‌ی هاوڕێی شیرینی گیانه‌ پڕ له‌ حه‌ژمه‌ت‌و كه‌سه‌ره‌كه‌م

تۆ له‌ كوێی ..؟

كه‌ من بێدار بم..

تۆ بۆ بێداربی..؟

تۆش بخه‌وه‌ .. خه‌وت خێربێ‌

شه‌و زۆر سارده‌ و .. دڵم له‌لاته‌

ئاخۆ لێفه‌كه‌ت له‌سه‌ر نه‌ترازاوه‌؟

ئاخۆ سه‌رت له‌سه‌ر سه‌رین .. نه‌خزاوه‌؟

له‌ ژووری –سه‌هۆڵبه‌ندی- خۆمدا.. وا هه‌ست ده‌كه‌م ..

داتده‌پۆشم و هه‌ردوو چاوانت ماچ ده‌كه‌م

ده‌ڕۆم و خه‌وی خێرت بێ‌

ئه‌مشه‌و هه‌ر خۆم ته‌نیا

خه‌می باڵنده‌ و كۆڵان‌و شه‌قام‌و پشیله‌كانیش .. هه‌ڵده‌گرم..

بنوو چاوم ..

من هه‌ر خۆم

له‌جیاتی تۆش ئه‌وا ده‌مرم

بنوو عومرم ..!

شه‌وی 20/12/979

سلێمانی