| تەنکبوونەوەى رۆح |
|
ئاواهی سه‌ما مه‌كه .. ئاواهی پێ له زه‌وی مه‌كوته ده‌ترسم باڵا بگریت و … هه‌ر رۆژێكه و … هه‌ر شه‌وێكه چاو تروكانێك و … ئیتر تا ئه‌به‌د … بفڕیت بگه‌یته شانشینی یه‌كێ له ئه‌ستێره‌كان چما تۆ چه‌ند دڵت هه‌ن … تا ئاواهی ده‌سته‌سڕی راخراوی سواڵكه‌ران له‌سه‌ر هه‌موو شۆسته‌كانا … له‌به‌ر پێی رێبواران رایبخه‌یت …؟ له‌به‌ر قاپی بێوه‌ژن و قه‌یره كچ و سۆزانییه‌كان قوتیله و … چرا ئاسا دایده‌گیرسێنی ..؟! تۆ هه‌ڵگری چ موعجیزه‌یه‌كی … تا بتوانی ئاواهی له ژێر پێستی وشك و چرچه‌وه‌بووی پیره‌ژنه‌كان ئه‌و هه‌موو ڤینۆس-ه نووستووه وه ئاگابێنی …؟ له كام خوداوه‌ند … ئه‌و هه‌موو ده‌ستانه‌ت قه‌رز كرد تا ئه‌و هه‌موو دڵه .. كه‌وتووانه‌ی پێ هه‌ڵگریته‌وه …؟ چ زوو … به چ سیحرێك بوویته فریادڕه‌سی ئه‌و هه‌موو مریه‌مانه مریه‌م-ه ته‌نیاكانی ژێر شۆڕه‌بییه غه‌مگینه‌كان … ئه‌م سه‌نتووره‌ی ژێر په‌نجه‌كانت چه‌ند هه‌زار ژێیه … یا تۆ .. ئه‌ی ئه‌و مۆسیقاژه‌نه‌ی به هه‌زار په‌نجه له هه‌زار ژێی خه‌م و خۆشی .. هه‌زار و یه‌ك نه‌غمه ده‌ژه‌نیت له رۆحی ره‌شه‌با سه‌رشێتی و له تریفه‌ی مانگیش ناسكیت قه‌رز كرد چ باوه‌شێكه ئه‌وه كه ئارامگای ملیۆن مریه‌م و … ملیۆن سۆزانیی ..؟! عیشقی تۆ مل شكانی تاڤگه‌كانه به‌سه‌ر تاشه‌به‌رده‌كانا كه زه‌وی به‌یاری رۆحی دوژمنانت وشك ده‌كه‌ن .. چ میهره‌بان … به‌راوی جۆگه‌له‌ی خوێنینی دڵه‌كه‌ت.. به‌رده‌ده‌یته‌وه سه‌ر خاكیان.. كه دارستانه خائینه‌كانیش گڕ له‌خۆ به‌رده‌ده‌ن بۆ مه‌له سووتاوه‌كانی له كه‌لێنی په‌نجه‌كانتا هه‌ر هێلانه‌یه و خۆشی ده‌كه‌ی … ئاواهی مه‌چریكێنه .. با ئه‌و هه‌موو قه‌هر و حه‌سره‌ت و غوربه‌ته ئه‌ستێره هه‌ره دووره‌كان دانه‌ڕژێنێ مردووه نامراده‌كانی نێو ئه‌شكه‌وته خامۆشه‌كان رانه‌چڵه‌كێنی له كام بێستان ئه‌و هه‌موو شه‌مامه‌ی دڵه‌ت رنییه‌وه له كام ره‌ز ئه‌و هه‌موو ده‌نكه ترێی چاوانه ..؟! پاشای چ مه‌مله‌كه‌تێكی كه ئه‌ڤین تیایدا فه‌رمانڕه‌وایه ئه‌ندازیارانی ملیۆن پردی رووخاوی نێوان دڵه‌كان له چركه‌یه‌كدا هه‌ڵده‌به‌ستنه‌وه پزیشكه‌كانیشی وه‌ك هه‌رمێ دڵه‌كان ده‌ردێنن و ده‌یشۆنه‌وه چ سیحرێكه كه كۆتایی هه‌موو جاده و كۆڵانه‌كان هه‌ر ده‌چنه‌وه نێو دڵی تۆ مه‌سیحی چ رۆژگارێكی كه ئه‌و هه‌موو لازارۆس-ه له گۆڕه‌كان وه‌ئاگا دێنی له پشت عه‌باكه‌ته‌وه هه‌زار مریه‌می مه‌جده‌لییه كه‌زی و بسك خوێناوی له ترسی به‌ردباران … خۆده‌شارنه‌وه ئه‌ی ئه‌و ئه‌هریمه‌نه‌ی به زبانی فریشته‌كانیش ده‌زانیت و .. ئه‌ی ئه‌و به‌رگدرووه‌ی بۆ ملیۆنه‌ها مێینه‌ی هه‌لاهه‌لای دوای شه‌ڕ و شۆڕی نێرینه جه‌هه‌ننه‌مییه دڵا به‌رده‌كان فریاناكه‌ویت په‌رده‌ی كچێنیی بدووریته‌وه ماندوونه‌بووی هۆ ئاسنگه‌ری سینه‌سووتاو ئه‌وه‌ن له‌سه‌ر سندان شمشێر بشكێنی له باخچه جێماوه‌كان گوڵا ئاوبده‌ی .. هۆ باخه‌وانی مایه پووچ ئه‌ی ئه‌و قومارچییه‌ی هه‌موو شتێكت دۆڕاند تا حیكمه‌تی شێته‌كان به‌ریته‌وه بۆچیته هۆشمه‌ندی.. كه مامۆستاكان داهۆڵا و قوتابییه‌كانیش تووتی بن …؟!
1996
|